11.7.2025
رووداو دیجیتاڵ
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا “پرۆسەی چارەسەری” بە ئەرێنی وەسفکرد و گوتی، “هەرچەند بابەتەکان تەواو روون نین، بەڵام دۆخەکە نیشانیدەدات، کە پرۆسەکە زۆر دواناکەوێت”.
بابەتی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی بە رووداوێکی مێژوویی ناوبرد و لەبارەی دیدار و کۆبوونەوەکان گوتی، “ژمارەیەک دیدار لە ناوچەکە کران کە بەڕێز بارزانیش بەشدار بوو. بەڕێز بارزانی لەو کۆبوونەوانەدا گوتبووی، رۆڵ دەگێڕێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێت. دیدارەکانی بەرێز ئیبراهیم کاڵنیش گرنگن، لە میدیای تورکیادا وەک هەواڵی بەپەلە بڵاوکرایەوە.”
بابەتی پێکهێنانی لیژنەیەک لە پەرلەمان، کە تایبەت بێت بە پرۆسەی چارەسەری، لەلایەن گەرگەرلیئۆغڵو بە گرنگ و پێویست دادەنرێت. ئەو پەرلەمانەی دەم پارتی پێیوایە نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)یە، لە هەنگاوەکانیدا راستگۆیە.
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و هەروەها گۆڕانکاری لە هەڵوێستەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە بابەتی پرۆسەی چارەسەری دا گوتی، “لەوانەیە هیچ گۆڕانکارییەک لە تێگەیشتنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ نەبێت. راستییەکە چییە دەیڵێم، بەڵام پێموایە بڕیارێکی روونیان بەگوێرەی هەلومەرجی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوە. دۆخی تازەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سنوورە تازەکان و هاوکێشە تازەکان تورکیایان ناچار بە هەڵبژاردنێکی سەخت کرد”.
لەکاتێکدا ساڵی 2015 یەکیک لە هۆکارەکانی لەبارچوونی پرۆسەکە بێ متمانەیی هەردوو لا بوو، ئێستا هەنگاوەکان گەیشتوونەتە چەکدانانی پەکەکە.
گەرگەرلیئۆغڵو لەبارەی کێشەی دروستبوونی متمانەوە گوتی، “ئێستا دڵنیاییەکی بەرجەستە نابینرێت، بەڵام ئێمە تەواوی وردەکاریی دیدارەکانی ئیمراڵی نازانین. بە دڵنیاییەوە لەوێدا لەسەر بنەمایەکی روون رێککەوتن کراوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئاسوودەیی ئۆجەلان، من وای دەبینم ئەو دڵنیاییە دراوە”.
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی هەروەها جەختیکردەوە کە ئاکپارتی لە بابەتی نووسینەوەی دەستووردا هەوڵی کۆکردنەوەی زۆرترین پشتیوانیی پەرلەمان دەدات. بە دووریشی نەزانی ئاکپارتی 400 دەنگ لە کۆی 600 دەنگەکەی پەرلەمان کۆبکاتەوە، بەڵام جەختیکردەوە کە سازانی ئاکپارتی لەگەڵ پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن مەرجە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: ئێستا کە پرۆسەی چارەسەر گەرمترین باسی تورکیا و ناوچەکەیە، ئێوە چۆن لە پرۆسەکە دەڕوانن؟ ئایا چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی ئێوەیە؟
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو: پرۆسەی ئاشتی بەڕێوەدەچێت، لەوانەیە هەندێک خاو بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەرێنییە. هەواڵ لەبارەی چەکدانان هەیە و هەرچەند بابەتەکان تەواو روون نین، بەڵام دۆخەکە نیشانیدەدات کە پرۆسەکە زۆر دواناکەوێت. لە بابەتی چەکدانان دا ئێستا کێشەیەکی رژد لە ئارادا نییە. سەرەتا بە شێوەی سیمبوولی و دواتریش بە شێوەی کردەیی چەکەکان دادەنرێن.
رووداو: دیدارەکانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەر بەڕێوەدەچن. جگە لە تورکیا هەرێمی کوردستانیش بووەتە شوێنی دیدارەکانی پرۆسەکە. زیاتر لەم دیدارانەدا باسی چی دەکرێت و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەدا چییە؟
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو: دیدارەکان چڕوپڕن، ئەو دیدارانە زۆر رژد و گرنگن. ژمارەیەک دیدار لە ناوچەکە کران کە بەڕێز بارزانیش بەشدار بوو. بەڕێز بارزانی لەو کۆبوونەوانەدا گوتبووی، رۆڵ دەگێڕێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێت. دیدارەکانی بەرێز ئیبراهیم کاڵنیش گرنگن، لە میدیای تورکیادا وەک هەواڵی بەپەلە بڵاوکرایەوە. بە بایەخەوە لە میدیاکاندا چاودێری دەکرێت. ئێستا دیدار لەبارەی چەکدانانی پەکەکە دەکرێت و ئاڵوگۆڕی دوایین زانیارییەکان دەکرێن. ئەم چەکدانانە رووداوێکی زۆر گرنگ و فرەڕەهەندە. هەر بۆیە دیدار لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان و بەڕێوەبردنی پرۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست و هۆشیارانە، زۆر گرنگە.
رووداو: کاتێک باسی پرۆسەی چارەسەر دەکەین، بەڵێ پرۆسەیەک لە ئارادایە. بێگومان ئێوە وەک پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانن کە زۆربەی لایەنەکان ئەوێ بە شوێنی چارەسەر وەسف دەکەن. ئێوە لە پەرلەمان بەگشتی پشتیوانیی پارتەکان زیاتر دەبینن، یان دروستکردنی ئاستەنگ؟ وا دەبینرێت ئیی پارتی زۆرترین دژایەتیی پرۆسەکە دەکات. ئێوە لە پەرلەمان چی دەبینن؟
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو: سەرۆکی پەرلەمان، بەرێز کورتووڵموش، سەرەتاکان کاتێک بابەتەکە خرایە رۆژەڤ، سارد بوو. بەڵام دواتر پردێکی پەیوەندی لە پەرلەمان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت دروستبوو. دواتریش بەڕێز کورتووڵموش بانگهێشتی پارتە خاوەن فراکسیۆنەکانی کرد و داوایکرد هەوڵبدەن رێکبکەون. لە نێو ئەو پارتانەدا ئیی پارتی هەڵوێستی دژی هەیە. ئەگەرنا پارتەکانی دیکە بە ئەرێنییەوە سەیری دەکەن. رێککەوتنێکی گشتی هەیە و هەنگاو بۆ پێکهێنانی لیژنەکە دەنرێت. لە پەرلەمان کۆبوونەوە دەکرێن و من پێموایە بەڕێز کورتووڵموش لەم بابەتەدا راستگۆیە. دەبینین دەسەڵات کە سەرەتا بێلایەنانە رەفتاری دەکرد، ئێستا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و لە بابەتی لیژنەکەدا هەنگاو دەنێت. بێگومان ئەمە لیژنەیەکی سادە نییە. پارتەکان ئامادەکاری بۆ ئەو لیژنەیە دەکەن. ئەم لیژنەیە دەبێتە لیژنەیەکی مێژوویی. لەوانەشە ئامادەکاریی یاسایی و دەستووریشی بۆ بکات. ئەمە وادەکات پرۆسەکە تەندروستانە و بە جۆرێک بەڕێوەبچێت کە پەرلەمان خاوەنداریی دەکات. لە پرۆسەی چارەسەریی یەکەم دا تابلۆیەک هەبوو کە وای نیشاندەدا دوو لایەنەکە کۆبوونەوەی نهێنی دەکەن، بەڵام ئەم جارە هەڵەیەکی ئەوها دووبارە نەکرایەوە. ئێستا بیرۆکەی پێکهێنانی لیژنەیەک هەیە کە گشتگیرە و تەواوی پەرلەمان لەخۆدەگرێت.
رووداو: رەجەب تەیب ئەردۆغان، ساڵی 2012 سەرەتا لەرێی پاکێجی دیموکراسی و دواتریش لەڕێی پرۆسەی ئاشتییەوە گەورەترین نزیکبوونەوەی دەوڵەتی تورکیای لە پرسی کورد تۆمارکرد. ساڵی 2015 پرۆسەکە لەبارچوو، ئێستا پرۆسەیەکی هاوشێوە بە دەستپێشخەری لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکردووە. ئایا ئاکپارتی و مەهەپە گۆڕانکارییان لە سیاسەتیاندا کردووە، یان پاڵنەر هەیە؟
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو: لەوانەیە هیچ گۆڕانکارییەک لە تێگەیشتنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ نەبێت. راستییەکە چییە دەیڵێم، بەڵام پێموایە بڕیارێکی روونیان بە گوێرەی هەلومەرجی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوە. دۆخی تازەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سنوورە تازەکان و هاوکێشە تازەکان، تورکیایان ناچاری هەڵبژاردنێکی سەخت کرد. من پێموایە تورکیا لەم هەڵبژاردنەی بەهۆی هەلومەرجی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروستبووە، راستگۆیە. هەر بۆیە هەنگاوی زۆر گەورەیان نا. ئێمە تەنیا لە دیدی خۆمانەوە سەیری بابەتەکە ناکەین، بەڵام ئەوکاتی پرۆسەکە لەبارچوو، گوتارەکان زۆر تووند بوون و دەیانگوت جارێکی دیکە ناگەڕێنەوە پرۆسەی ئاشتی، بەڵام ئەوەتا گەڕانەوە بۆ گفتوگۆی ئاشتی. ئێمە ئەم هەنگاوەمان زۆر لەلا گرنگە و لەو باوەڕەداین درێژەی دەبێت.
رووداو: ئایا پێتانوا نییە لە پرۆسەکەدا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ش هەنگاوی سەخت و گەورەی ناوە؟ تەنانەت بە بریاری هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان دەستپێشخەریشی کرد. پێتوانییە ئەمە یەکێک لەو هۆکارانە بێت، کە تورکیاش وەکو وەڵامی ئەرێنیی دەستپێشخەرییەکان، هەنگاوی ئەرێنی بنێت؟
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو: لەم دۆخەدا دەبووا یەکێک هەنگاوی سەخت و بوێرانە بنێت، پەکەکە ئەمەی کرد و لەپێناوی ئاشتی شتێک دەکات کە بۆ دەوڵەت بیانووبڕە. دەوڵەتیش دەبێت لەمەودوا هەنگاوی گرنگ بنێت. پێویستە یەکەمین هەنگاوەکان لە بابەتی گیراوە نەخۆش و بەساڵاچووەکان بنێت، بەڵام من سەردانی گرتووخانەکان دەکەم و بەداخەوە ئەمە نابینم. لە پەرلەمان دا زۆرترین کەس کە سەردانی گرتووخانەکان بکات، منم. لەگەڵ هەزاران گیراو دیدارم کردووە. هەروەها لە دوای پاکێجی دەیەمینی دادوەری، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆم بەدینەکردووە.
رووداو: پێشتر گەورەترین نیگەرانیی پەکەکە نەبوونی دڵنیایی بوو و زۆر جار ئەمە وەک هۆکارێک بۆ دروستنەبوونی متمانە سەیر دەکرا. ئایا ئێستا ئەو دڵنیاییە دروستبووە، پەکەکە تاوەکو چەند دڵنیایە؟
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو: ئێستا دڵنیاییەکی بەرجەستە نابینرێت، بەڵام ئێمە تەواوی وردەکاریی دیدارەکانی ئیمراڵی نازانین. بە دڵنیاییەوە لەوێدا لەسەر بنەمایەکی روون رێککەوتن کراوە. هەروەک دەزانن هەموو شتێک روون بڵاوناکرێتەوە. زانیاریی سنووردار بۆ رای گشتی بڵاودەکرێنەوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئاسوودەییەکەی ئۆجەلان، من وایدەبینم ئەو دڵنیاییە دراوە.
رووداو: گۆڕین یان نووسینەوەی دەستوور هاوکات لەگەڵ باس و خواسی پرۆسەی چارەسەر بووەتە رۆژەڤ. تاوەکو چەند ئەم باسە پەیوەندیدارە بە پرۆسەی چارەسەری و داواکاریی دەم پارتی لەم بارەیەوە چییە؟
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو: دەستوورێکی دیموکراسی و نووسراو لەسەر بنچینەی ئازادی هیوای ئێمەشە. ئەم پرۆسەیە دۆخێکە کە لە نێو سنووری تورکیادا کوردیش هاوشێوەی تورک بە هاووڵاتی پەسند دەکات. واتا لەجیاتی بژاردەی خۆسەری و دابەشبوون بۆ کورد، ئەوەیان پەسندکرد وەکو هاووڵاتییەکی رەسەن ببینرێن. وادیارە هەنگاوی دەستووری لەم بارەیەوە بنرێت. دەسەڵات ماوەیەکی زۆر بوو ئەمەی لە رۆژەڤ دانابوو. بەر لەم پرۆسەیەی چارەسەرییەش باسی دەستوور لەلایەن ئەردۆغان و نوعمان کورتووڵموش زوو زوو دەکرایەوە. دەبینین کە ئەمە وەک ئامادەکارییەک بوو بۆ پرۆسەکە، بەڵام دەکرێ لە کاتی نووسینەوەی دەستووردا گفتوگۆی زیاتر بکرێت، لەوانەیە کەموکوڕی لە بابەتی مافی کوردەوە هەبێت کە ئەم بابەتە بەڕووی مشتومڕدا کراوەیە. ئارەزوو دەکەین کارەکە نیوەچڵ نەبێت.
رووداو: بەگوێرەی یاسا هەر لایەنێک 400 دەنگ لە کۆی 600 کورسییەکەی پەرلەمانی تورکیا بەدەستبێنێت، دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ گشتپرسی، دەستووری وڵاتەکە بنووسێتەوە. ئەگەر هەیە ئاکپارتی و مەهەپە بتوانن لەگەڵ دەم پارتی بسازێن؟
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو: ئایا ئۆپۆزیسیۆن چۆن دەڕوانێتە پێشنیازنامەی ئاکپارتی، ئەمە گرنگە! ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بە ئەرێنییەوە لە پێشنیازنامەکەی ئاکپارتی بڕوانێت، بەڵێ! لەوانەیە 400 دەنگ کۆبکاتەوە. هەروەها ئەگەر لەگەڵ دەم پارتیش رێککەوێت کارەکەی سەخت نابێت.

























Yorumlar